نوسینگەی سودانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی سەقامگیریی بازاڕی ناوخۆیی، ئەوەش لە رێگەی پاڵپشتیکردن لە سەقامگیریی بەھای دۆلار بەرامبەر دینار، بۆئەوەش پاڵپشتی لە ھەنگاوەکانی بانکی ناوەندی دەکەن.

روونیشیکردەوە، بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار کاتییە و ھۆکارەکەی گۆڕانکارییە لە میکانیزمی کڕین و فرۆشتنی دراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە و ھەموو ھاووڵاتیان دڵنیا دەکەنەوە کە رەوشی ئابووریی عێراق لە باشترین حاڵدایە.

نوسینگەی سودانی جەختیشیکردەوە، پێویستە ھەموو وەبەرھێنەر و بازرگانان، مامەڵە لەگەڵ بانکەکان و بانکی ناوەندی بکەن، بۆ گەرەنتیکردن و پاراستنی مافەکانیان بۆ ئەو کەلوپەلانەی ھاوردەی دەکەن، بەوەش سوودمەند دەبن لەو ئاسانکارییانەی بانکەکان بۆیان دەکەن لە دانانی نرخ.