لیژنەی دارایی عێراق: پشکی کورد بەندە بەو داھاتەی حکومەتی ھەرێم ئاشکرای دەکات
١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
"موعین کازمی" ئەندامی لیژنەی دارایی بە رۆژنامەی "سەباح"ی رەسمی رایگەیاندووە، سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ پڕۆژە یاسای بودجە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت و لانیکەم پێویستی بە دوو مانگە بۆ پەسەندکردنی.
وتیشی، دەبێت سەرۆک وەزیرانی عێراق جەخ بکاتەوە لەسەر وەبەرھێنان و گەشەپێدان و بوژانەوە لە پڕۆژە یاساکەدا، ئەگەرچی نزیکەی ٧٠%ی پڕۆژە یاساکە بۆ مووچە و بەکاربردنە و ٣٠% بۆ وەبەرھێنانە.
ئەو پەرەمانتارە سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، دەبێت بەپێی بەرنامەی حکومەت لە ماوەی شەش مانگدا رێککەوتن بکرێت لەسەر یاسای نەوت و غاز و ١٣%ی پشکی ھەرێمیش بەندە بە داھاتی دارایی ھەرێمەوە، کە لە ھەناردەی نەوت و دەروازە سنورییەکانییەوە ئاشکرای دەکات. وتیشی، ئەو بابەتانە ھێشتا جێی ناکۆکی نێوان ھەرێم و بەغدادن و دەبێت لێکتێگەیشتنیان لەبارەوە بکرێت.