عێراق پلانێک بۆ گەڕاندنەوەی پارە و تۆمەتباران ئامادە دەکات
١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
دادوەر حەیدەر حەنون سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ تیمی پسپۆڕانی حکومی تایبەت بە جێبەجێکردنی ھەردوو رێککەوتنی نێودەوڵەتی و عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی رایگەیاند، لەساڵانی رابردوودا پارەیەکی زۆری عێراق بە شێوەیەکی نایاسایی براونەتە دەرەوەی وڵات، ئێستا بۆ گەڕاندنەوەیان پێویستە فشار لەسەر وڵاتان دروست بکرێت بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو پارانە لەگەڵ رادەستکردنەوەی سەرجەم تۆمەتباران لە عێراق ھەڵاتوون لەلایەن یاساوە داواکراون.
وتیشی، لە داھاتوویەکی نزیکدا وەفدێک بۆ سەردانی ھەموو ئەو وڵاتە پێکدەھێنن کە پارەی عێراقیان لێیە و داڵدەی تۆمەتباران و داواکراوانیان داوە، بۆئەوەی ھاوکاری عێراق بکەن و رێککەوتنی تایبەت بە روبەڕووبوونەوەی گەندەڵی جێبەجێ بکەن.