بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەکەی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای کۆتایی ھاتنی لوتکەی عەرەبی-چینی بۆ ھاوکاری و گەشەپێدان کە لەشاری ریاز پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو، پێش گەڕانەوەی بۆ عێراق، لەگەڵ محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە کۆبووەوە و جەختیانکردوەتەوە لەسەر کاراکردنەوەی ئەنجومەنی ھەماھەنگی عێراقی-سعودی لەگەڵ جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکانی نێوانیان.

لەو کۆبوونەوەیەدا سودانی لوتکەی عەرەبی-چینی بەگرنگ وەسفکردووە و ئامادەیی عێراقیشی دەربڕیوە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە بە تایبەتیش لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرھێنان، لە بەرامبەریشدا جێنشینی سعودیە رایگەیاندوە، دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق بەردەوام بێت بە ئامانجی زیادکردنی ھاوکارییەکانی نێوانیان و بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لەسەرجەم بوارەکاندا.