ئیحسان یاسری راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بۆ یەکەمجار یەدەگی بانکی ناوەندی ٩٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ بوژانەوەی ئابوری و پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ بەھای دراوی عێراقی.

رونیشیکردەوە، بەھای دراوی عێراقی ١٦٠٪ تێپەڕاندووە و بەھای دیناری عێراقی گەیشتووەتە زیاتر لە دینار و نیوێک.

بە وتەی یاسری، بانکی ناوەندی لە سیاسەتی کلاسیکی کە خۆی دەبینێتەوە لە چاودێری سەقامگیریی و دەرکردنی نەختینە گۆڕدراوە بۆ دامەزراوەیەکی گەشەپێدانی گەورە، بەجۆرێک سندوقی گەشەپێدانی دامەزراندووە کە پارەکەی زیاتر لە ١٨ ترلیۆن دینارە و ھاوکاربووە لە پڕکردنەوەی کورتھێنانەکانی حکومەت.

سەبارەت بە چاپکردنی دراوی ٢٠ ھەزار دیناریش ئیحسان یاسری رایگەیاند، دراوی ٢٠ ھەزاری بە دراوێکی ناوەندی دادەنرێت لەنێوان ١٠ ھەزاری  و ٢٥ ھەزار دیناری و رۆڵی دەبێت لە داڕشتنی پێکھاتەی دراو و پێدەچێت لە کۆتایی ساڵی داھاتوو بکەوێتە بازاڕەوە.