ھیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێکی ٣٤ پەڕەییدا رایگەیاندووە، حکومەتەکەی "مستەفا کازمی" سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق پابەندنەبووە بە لێکۆڵینەوە لە دەزگا ئەمنییەکان و ئەو چەکدارانەی لەلایەن حکومەتەوە پشتیوانی دەکرێن، سەبارەت بە کوشتنی خۆپیشاندەران و دیارنەمانی سەدان کەس لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩. 

بەپێی راپۆرتەکە، خۆپیشاندەران خۆیان کردە قوربانی بۆ باشکردنی رەوشی ژیان، بەڵام حکومەت کەمترین دادپەروەری بەدینەھێناوە، چونکە بەڵێنەکانی حکومەتەکەی کازمی بە روبەڕوبوونەوەی توندوتیژی و بەدیھێنانی دادپەروەری بەتاڵ بوون و بکوژانیش بە ئازادی دەسوڕێنەوە. 

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٥٠٠ خۆپیشاندەر لە چەند ھەفتەیەکی کەمدا لەسەر دەستی ھێزە ئەمنییەکان و چەکداران کوژران. 

ھیومان رایتس وۆچ داواشی لە حکومەتەکەی "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراقی کرد، زانیاری سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان بڵاوبکاتەوە و جەختیشیکردەوە لە گرنگی ھاندانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئاماژەدان بە چۆنێتی لێکۆڵینەوە و رێکارە دادوەرییەکان.