بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانوبەرەی دووەمی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، بە گوێرەی یاسا سەرجەم ئاوی کانییە سروشتییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک بە موڵکی گشتیی دەوڵەت ئەژمار دەکرێن و بە ناوی وەزارەتی داراییوە تۆمار دەکرێن.
لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی دووەمی سلێمانی دا هاتووە؛ بەپێی هەموارکردنی مادەی (7، بڕگەی 2) لە یاسای ژمارە 90ی ساڵی 1975 ئەم یاسایە تەنانەت ئەو کانییانەش دەگرێتەوە کە لە رابردوودا بەپێی وێنەی تۆماری تاپۆ لەسەر ناوی هاووڵاتیان تۆمار کراون، بە جۆرێک کە ئیتر ئەو تۆمارانە حوکمی یاساییان نامێنێت و خاوەندارێتییان بۆ وەزارەتی دارایی دەگوازرێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی رێکارە نوێیەکان، ئەو هاووڵاتییانەی کە پێشتر کانییەکان بەناویانەوە بووە، لەمەودوا ناتوانن لە فەرمانگە حکومییەکاندا (وەک فەرمانگەی تاپۆ) هیچ جۆرە مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتن یان گواستنەوەی خاوەندارێتی بەو کانییانەوە بکەن.
یاساکە جەخت دەکاتەوە، کانییە سروشتییەکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت و تەنها لەپێناو بەرژەوەندی و سوودی گشتی جەماوەردا بەناوی وەزارەتی داراییەوە تۆمار دەکرێن.
وەک لە راگەیەندراوەکدا هاتووە؛ هیچ رێگەچارەیەکی یاسایی نەهێڵدراوەتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن دووبارە ئەم کانییانە بەناوی خۆیانەوە تۆمار بکەنەوە، تەنانەت لە رێگەی کڕینەوەش لە حکومەت، چونکە ئەم کانییانە وەک موڵکی گشتیی دەوڵەت سەیر دەکرێن نەک موڵکی تایبەت، بۆیە حکومەت مافی هیچ جۆرە رەفتارپێکردن یان فرۆشتنێکیانی نییە.
تۆمارکردنی خانووبەرەی سلێمانی رونیشیکردوەتەوە، ئەم بڕیارە یاساییە تەنها ئەو سەرچاوە ئاوییانە دەگرێتەوە کە بە سروشتی هەڵدەقوڵێن و بە هیچ شێوەیەک ئەو سەرچاوە ئاوییانە ناگرێتەوە کە مرۆڤ خۆی لە دروستکردنیاندا دەستی هەبووە، وەک کارێزەکان، بیرە ئاساییەکان و بیرە ئیرتیوازییەکان.