حکومەتی پاکستان ئاشکرای دەکات، چاوەڕوانی پێشکەوتنی بەرچاو دەکەن لەگەڵ ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی خولی نوێی دانوستانەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، موحسین نەقوی وەزیری ناوخۆی پاکستان، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ناتالی بێکەر باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد، وەزیری ناوخۆی پاکستان جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی وەفدی هەردوو وڵات 'ئەمریکا و ئێران' لە پایتەختی وڵاتەکەی کۆبکاتەوە بە مەبەستی تەواوکردنی گەڕی دووەمی دانوستانەکان.
وەزیری ناوخۆی پاکستان ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست، هەنگاوێکی ستراتیژی و گرنگ بوو بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکان.
پاکستان داوای لە واشنتۆن و تاران کرد، ئەم هەلە بقۆزنەوە و رێگە بدەن بە "چارەسەری دیپلۆماسی و ئاشتییانە" بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشە و ئاڵۆزییانەی بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە.
جێگەی ئاماژەیە، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا ئەو ئاگربەستەی لە 8ـی نیسانەوە دەستیپێکردبوو درێژبکاتەوە، ئەوەش وەک دەرفەتێک بۆ سەرخستنی هەوڵە سیاسییەکان.
پاکستان لە ئێستادا وەک "پردێکی دیپلۆماسی" کار دەکات بۆ نزیککردنەوەی واشنتۆن و تاران، لە کاتێکدا هەردوو وڵات لە دوای روداوەکانی مانگی شوباتەوە لەوپەڕی ئامادەباشی و گرژیدان.