فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوەو گفتوگۆ لەبارەی بابەتی پاراستنی سەروەری عێراق دەکات.  فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش راگەیەنراوێکیان لەبارەی پێشێلکارییەکانی ئێران و تورکیا بڵاوکردەوەو رایگەیاند، ھێرش و بۆردومانەکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ، پێشێلکردنی بەردەوام و ئاشکرای  سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستانە لەلایەن وڵاتانی دراوسَیوە، ئیدانەکردن و پێکھێنانی لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە بەس نیە و رێگری لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان ناکات ، لەبەرئەوە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵوێستێکی یاسایی گونجاو بگرێتەبەر  بۆ رێگری لە پێشێلکارییەکان و ئیدانەی بکات.

فراکسیۆنە کوردستانییەکان داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن بۆ دانیشتنی رۆژی سێشەممە لایەنی جێبەجێکار بانگھێشت بکرێت و رێوشوێنی جدی و کرداری بگیرێتەبەر  بۆ پاراستنی سەروەری وڵات و  راگرتنی ھێرشەکان. داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سیستمی بەرگری مووشەکی بدەنە عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی ھێرشەکان.