سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق دەستیلەکارکێشایەوە
١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لەسەر داوای خۆی، سەرۆک وەزیران کۆتایی بە ئەرکی عەلا جەواد ساعدی لە سەرۆکایەتیکردنی دەستەی دەستپاکی ھێنا و حەیدەر حەنوونی بۆ بەڕێوەبردنی سەرۆکایەتی دەستەی دەستپاکی راسپارد، ھاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان.
ئەمڕۆ عەلا جەواد ساعدی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی دەستەی دەستپاکی فیدڕاڵی عێراق پێشکەشی محەمەد شیاع سودانی کرد و رایگەیاند، ئەو پۆستە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و دەستبەرداربوون لێی رزگاربوونە لەو کێشە و مەترسی و سەختییانەی لەگەڵ ھەندێکی لایەنی ناو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و کوتلەکانیان لە دەسەڵاتی یاسادانان رووبەڕووی دەبیتەوە.
راشیگەیاند، بەھۆی ھەڵمەتەکانی چەواشەکاری و ناوزڕاندن، نەیانتوانی لە ئەرکەکەیان بەردەوامبن.