تشرینییەکان داوای کۆتاییھێنان بە پڕۆسەی سیاسی دەکەن
١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
لیژنەی ناوەندیی خۆپیشاندانی تشرینییەکان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجیان گۆڕینی سیستمی سیاسیی ئێستا و سفرکردنی تەواوی پرۆسەی سیاسییە، بۆیە تاکو ٢٥ی ئەم مانگە مۆڵەت بە لایەنە سیاسییەکان دەدەن، کۆتایی بە پڕۆسەی سیاسی بھێنن و حکومەتێکی راگوزەری کاتی بە چاودێریی نەتەوەیەکگرتووەکان و سەرکردایەتی دەستەبژێرێکی ھاووڵاتیان دروست بکرێت، بە مەرجێک ھیچ کەسێک و حزبێکی تێدا نەبێت کە لە دوای ٢٠٠٣وە لە پڕۆسەی سیاسیدا بەشدار بوون، بە دەسەڵاتی جێبەجێکاری ئێستاشەوە، کە مستەفا کازمی نوێنەرایەتی دەکات.
لیژنەی ناوەندی، داوای لە ھەموو خۆپیشاندەرە تشرینییەکان کرد، ئامادەبن بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندان لە ٢٥ی مانگ، لە حاڵەتێکدا ئەگەر لایەنە سیاسییەکان وەڵامیان بۆ داواکارییەکان و سفرکردنەوەی پڕۆسەی سیاسی نەبێت.
لیژنەی ناوەندی راشیگەیاند، دەست بە ھەڵمەتێکی ملیۆنی بۆ کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ رەتکردنەوەی ئەم دەسەڵات دەکەن و کار دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئیمزاکان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان.