رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری سەرچاوەکانی ناو وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن) بڵاویکردەوە، کە لە ماوەی جەنگی ئەمریکا وئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران نزیکەی 1200 مووشەکی پاتریۆت بەکارهێنراون.
ئاماژە بەوەش کراوە، کە تێچووی هەر مووشەکێک لەو جۆرە پتر لە چوار ملیۆن دۆلارە، ئەمەش قەبارەی ئەو تێچووە داراییە گەورەیە نیشان دەدات کە لە رووە سەربازییەکەوە خەرج کراوە.
رۆژنامەکە لە سەرچاوەیەکی تری بەرپرسانی ئەمریکاوە ئاشکرای کردوە، تەنها لە دوو رۆژی یەکەمی جەنگەکەدا، بە بەهای 5.6 ملیار دۆلار لە تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی بەکارهێنراوە.
ئەم ئامارانە وەک ئاماژەیەک بۆ چڕی پێکدادانەکان و ئەو فشارە داراییە خێرایە دەبینرێن، کە روبەڕووی بودجەی سەربازی ئەمریکا بوەتەوە لەم جەنگی دژی ئێراندا.
سەبارەت بە توانای سوپای ئەمریکا بۆ بەردەوامبوون لەم خەرجییە سەربازییانە، وتەبێژی کۆشکی سپی جەختی لەسەر بەهێزیی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند: ئەمریکا خاوەنی بەهێزترین سوپای جیهانە و سوپای وڵاتەکەیان خاوەنی جباخانەیەکی گەورەیە لە چەک و تەقەمەنی، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو نیگەرانییانەی سەبارەت بە کەمبوونەوەی کۆگا ستراتیژییەکانی چەک لە ئەنجامی بەردەوامیی جەنگەکە باس دەکرێن.