لە سلێمانی دوو کەس بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەک دەستگیرکران، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت؛ بە ئۆتۆمبێلەکە توشی روداوی هاتوچۆ بوون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، رۆژی 25-12-2025 دوو کەسی نەناسراو دەچنە ناو ماڵێک لە گەرەکی (بەختیاری) کە خاوەنی ماڵەکە لە دەرەوەی وڵات دەبێت بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، دوو کەسەکە هەڵدەستن بە بردنی ئۆتۆمبێلی خاوەن ماڵەکە لە جۆری (رینۆ) و دوای یەک رۆژ ئۆتۆمبێلەکە دەبەنەوە و لە شوێنی خۆی دای دەنێنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دواتر لە رۆژی 6-1-2026 هەڵدەستنەوە بە ئەنجامدانی هەمان کار و بە دەرفەتیان زانیوە کە خاوەنی ماڵەکە لە دەرەوەی وڵاتە.
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەروو، لە رۆژی 16-1-2026 لە لایەن دراوسێیەکی ماڵەکە هەواڵ دەگات بە (بەشی نەهێشتنی تاوان) و ئاگادار دەکرێنەوە لە بوونی روداوەکە و دەستبەجێ دەستدەکەن بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و سود وەرگرتن لە کامێرای چاودێری شوێنی روداو سەرئەنجام توانرا لە رۆژی 27-1-2026 هەردوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ب.س.ص) لەدایکبووی (٢٠٠٤) و (ی.ڕ.م) لەدایکبووی (٢٠٠٥) دەستگیربکرێن.
راشیگەیاند، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، توانرا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەکە بگیرێت کە تووشی روداوی هاتووچۆ ببوو و لە گەڕەکێکی ناو شاری سلێمانی لەلایەن تۆمەتبارانەوە بە جێ هێڵدرابوو.