پارێزگاکانی عێراق نزیکەی ٢٣ ھەزار تۆن گەنمیان ڕادەستی وەزارەتی بازرگانی کردووە
کوردسات نیوز
١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی بازرگانی عێراق بڵاویکردەوە، لە سەرەتای وەرزی دروێنەی ئەمساڵەوە تا ئێستا، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، ٢٢ ھەزار و ٤٢٨ تۆن گەنمیان بەدەست گەیشتووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە پارێزگای موسڵ لە پێش ھەموو پارێزگاکانەوە بووە و تا ئێستا شەش ھەزار و ٨٧٢ تۆن گەنمی ڕادەستکردووە. لە دوای ئەویش پارێزگای کەرکوک دێت کە تا ئێستا شەش ھەزار و ٣٨٢ تۆنی ڕادەستکردووە.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، سەرجەم پارێزگاکانی ھەرێم تا ئێستا دوو ھەزار و ٨٤١ تۆنیان ڕادەستی وەزارەتی بازرگانی عێراق کردووە و پارێزگای دھۆکیش بە پلەی یەکەم دێت و تا ئێستا ھەزار و ٤١٧ تۆن گەنمی ڕادەستی عێراق کردووە.