گەڕاندنەوەی تیرۆریستانی داعش لە گرتووخانەکانی سوریاوە راگیرا
٤ی ئایاری ٢٠٢٢
ماڵپەڕی عەرەبیە جدید، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراقەوە ئاشکرایکرد، لە ئێستادا پلانی گەڕاندنەوەی تیرۆریستانی داعش لە کەمپیەکانی رۆژئاڤای کوردستان و ھێزەکانی سوریای دیموکرات، بە فشاری ناوخۆیی و سیاسی راگیراوە و دوور نییە ئەو بابەتە رادەستی حکومەتی نوێی عێراق بکرێت.
وتیشی، لە ماوەی رابردوودا بە ھەماھەنگی و ھاوکاری ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ھەسەدە، سەدان تیرۆریستی داعش، کە ھەندێکیان سەرکردەی دیاری ئەو گرووپە بوون، لە گرتووخانەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ھەسەدەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق، بۆئەوەی بەپێی یاسای عێراقی دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.
راگرتنی گەڕاندنەوەی ئەو تیرۆریستانە لە کاتێکدایە، مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، سەدان بەندکراوی داعش لە گرتووخانەی غوێران لە حەسەکە، ھەوڵی ھەڵاتنیاندا و بەشێکیان ھەڵاتن و دواتر دەستگیرکرانەوە.