ھادی عامری لە بارەی ھێزە بیانییەکانەوە ھۆشداری دەدات
کوردسات نیوز
٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
نوسینگەی ھادی عامری بڵاویکردەوە، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح لە بەغداد چاوی بە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کەوت و باسیان لە ڕەوشی سیاسیی عێراق و پەیوەندیەکانی بەغداد و تۆکیۆ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ھادی عامری ڕایگەیاندووە، ھەڵوێستیان ڕوونە بەرامبەر ھێزە بیانییەکان و سەروەری نیشتیمانیی عێراقیش ھێڵی سورە، ھۆشداریشیدا لە ناسەقامگیریی عێراق لە ئەگەری نەکشانەوەی ھێزە بیانییەکان.
وتیشی، ئەگەر عێراق پێویستی بە ڕاوێژکاری بیانی بۆ بابەتی ڕاھێنان و ڕاوێژکاری ھەبێت، پێویستە بە پێی دەستوور و یاساکانی عێراق و بە شەفافی ئەو کارە بکرێت.
ئەوە لە کاتێکدا ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کشاونەتەوە و ئەو ھێزانەشی کە ماون ئەرکیان ڕاوێژ و ڕاھێنانی سەربازیی دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.