لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا هۆشداری دەداتە دۆناڵد ترەمپ کە پشت لە کورد و خۆپیشاندەرانی ئێران نەکات و دەڵێت، ئەگەر ئەوانە بەتەنیا جێبهێڵرێن، کارەساتێک روودەدات کە یەک ملیۆن هێندەی رووداوەکەی "بەنگازی" دەبێت.
گراهام لە پەیامێکدا دەڵێت: "مێژوو فێری کردووین کە بڕیاری راست ئەوەیە لەگەڵ ئەوانە بوەستین کە لەگەڵ ئەمریکان و قوربانی بۆ دۆزە هاوبەشەکەمان دەدەن".
سیناتۆرە کۆمارییەکە ئاماژەی بەوەکردووە: "لەبیرمە هەستم چەند ناخۆش بوو کاتێک خەڵکەکەمان لە بەنغازی بەجێهێشت، ئەمە تا رۆژی مردنم لەبیر ناکەم و هیلاری کلینتۆنی پێ تاوانبار دەکەم".
گراهام جەختی کردووەتەوە کە نابێت ئەمریکا دۆستەکانی لەبەردەم ستەمکاریدا بەجێبهێڵێت، بەتایبەت "کوردە ئازاکان".
هۆشداریشی داوە: "بەجێهێشتنی گەلی ئێران و کوردە ئازاکان، بە بڕوای من کارەساتێکی گەورە دەبێت و یەک ملیۆن هێندەی بەنگازی دەبێت".
لە کۆتاییدا هیوای خواستووە ترەمپ بڕیاری دروست بدات و وتوویەتی: "دڵنیام سەرۆک ترەمپ کە کارێکی نایابی کردووە بۆ پاراستنی ئەمریکا، بڕیاری دروست دەدات".