بەرێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا چەند رێنماییەکی ئاراستەی شۆفێران کرد بۆ خۆپاراستن و سەلامەتی لەکاتی خۆڵباریندا و داوادەکات پابەندی ئەم خاڵانە بن.
1. کەمکردنەوەی خێرایی: لەبەرئەوەی لە کاتی خۆڵبارینی چڕدا ئاستی بینین زۆر کەم دەبێتەوە، پێویستە خێرایی ئۆتۆمبێلەکەت بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکەیتەوە.
2. پاراستنی ماوەی سەلامەتی: هەمیشە ماوەیەکی سەلامەت و گونجاو لەنێوان ئۆتۆمبێلی خۆت و ئۆتۆمبێلی پێشەوەت بهێڵەرەوە.
3. دڵنیابوون لە فڵچەی جامەکان: پێویستە دڵنیابیت لەوەی کە بڕی پێویست ئاو لە دەبەی فڵچەکاندا هەیە و فڵچەکان بە باشی کاردەکەن بۆ پاککردنەوەی جامی پێشەوە.
4. خۆپاراستن لە شۆفێریی شەوانە: تا دەکرێت لە شۆفێریکردن لە کاتەکانی شەودا خۆت بپارێزە، بەتایبەتی ئەگەر خۆڵبارینەکە چڕ بوو.
5. سنووردارکردنی گەشتی دەرەوەی شار:
* ئەگەر زۆر پێویست نەبێت، گەشتکردن و شۆفێری لە رێگاوبانی دەرەوەی شارەکان دوابخە تا کۆتاییهاتنی شەپۆلی خۆڵبارینەکە.
* لە ئەگەری ناچاریدا، پێویستە زیاتر پابەندی خێرایی دیاریکراو بیت، لایتی نزمی ئۆتۆمبێل (رووناکی نزم) دابگیرسێنیت، و بە هیچ شێوەیەک هەوڵی تێپەڕاندنی (سەبقەکردن) هەڵە و مەترسیدار نەدەیت.
6. پەیوەندیکردن لە کاتی پێویستدا: لە کاتی رودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا، دەتوانیت پەیوەندی بە هێڵی گەرمی کۆنترۆڵی هاتوچۆی سلێمانییەوە بکەیت لەسەر ژمارە 188.