وەزارەتی بازرگانی عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە بەشەخۆراکی مانگانە راگەیاند و بڕیاریدا جارێکی تر کار بەو یاسایە بکاتەوە کە بەشەخۆراک لەو کەسانە دەبڕێت کە داهاتی مانگانەیان دەگاتە ملیۆنێک و پێنج سەد هەزار دینار.
ستار جابری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی لە لێدوانێکی رەسمیدا رایگەیاند کە بەشەخۆراکی مانگانە بۆ چینە کەمداهاتەکان تەرخانکراوە نەک بۆ ئەوانەی داهاتیان بەرزە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی بڕیارەکانی ساڵی2021، بەشەخۆراک لە 13 توێژی جیاواز دەبڕدرێت کە داهاتیان بەرزە، لەوانە: خاوەن کۆمپانیاکان، بەڵێندەران، پزیشکان، دەرمانسازان و بازرگانان، جگە لەو فەرمانبەرانەی موچەیان لە ملیۆنێک و نیو زیاترە.
جابری روونی کردەوە : حکومەت لە ساڵی 2022دا ئەم بڕەی بۆ دوو ملیۆن دینار بەرزکردبووەوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی دارایی ئێستا و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، بڕیاردراوە جارێکی تر بگەڕێنەوە سەر بنەمای ملیۆنێک و نیو بۆ بڕینی بەشەخۆراکەکە.
ئەم بڕیارەش هەموو فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و خانەنشینانیش دەگرێتەوە، بەجۆرێک کە بەشەخۆراکەکە لە فەرمانبەرەکە و خێزانەکەشی دەبڕدرێت، بەڵام کارتی زانیارییەکە هەڵناوەشێتەوە.