ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند کە بەهۆی هەنگاوەکانی سێ وڵاتە ئەوروپییەکەوە، رێڕەوی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەڵدەپەسێرێت.

ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەکەدا دراوە کە تێیدا هەنگاوە "نەگونجاوەکانی" وڵاتانی ئەوروپی سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی تاوتوێ کراوە.

بەپێی راگەیەندراوی ئەنجومەنەکە، سەرەڕای هاوکارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئاژانس و پێشکەشکردنی چەندین پلان بۆ چارەسەری کێشەکە، هەنگاوەکانی وڵاتانی ئەوروپا وایکردووە کە "بە کردەوە رێڕەوی هاوکاری لەگەڵ ئاژانس تووشی هەڵپەساردن ببێت."

لە کۆبوونەوەکەدا، کە بە سەرۆکایەتیی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئەو وڵآتە بەڕێوەچوو، دۆخی ناوچەکە و "سەرکێشییەکانی رژێمی زایۆنی" تاوتوێ کران و جەخت لەوە کرایەوە کە سیاسەتی ئێران کارکردنە بۆ دروستکردنی ئاشتی و سەقامگیری.