بەپێی راپۆرتی بەرپرسانی ئیسرائیلی و عەرەب، دوای هێرشی ئەمریکا بۆ وێستگە ناوکییەکانی ئێران، ئیسرائیل هەوڵدەدات لە نزیکترین کاتدا شەڕەکەی لەگەڵ ئێران کۆتایی پێبهێنێت.

بەرپرسانی ئیسرائیلی بە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکیان وتووە کە وڵاتەکەیان چاوەڕوان دەکات لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواوی ئەو ئامانجانەی کە لە پێناویدا هێرشی کردە سەر ئێران بپێکێت و، ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە بەرەنگاربوونەوەکان.

ویلایەتە یەکگرتووەکان بە بەرپرسانی عەرەبی ناوچەکەیان راگەیاندووە کە ئیسرائیل هەوڵدەدات بەم زووانە شەڕەکە کۆتایی پێبهێنێت، و داوای لێکردوون ئەم پەیامە بە ئێران بگەیەنن. ئەم بەرپرسانە رایانگەیاندووە کە ئێران پێی راگەیاندون، کە هێشتا ئامادە نییە بۆ دانوستان، چونکە وای دەبینێت ئەرکی خۆیەتی وەڵامی هێرشی ئەمریکییەکان بۆ سەر ئاژانسە ناوەکیەکان بداتەوە.

هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرنگترین سێ پێکهاتەی ناوکیی بوون لە ئێران و بووە هۆی نزیککردنەوەی ئیسرائیل لە ئامانجەکانی، کە بریتییە لە لاوازکردنی توانای ناوەکیی ئێران.

بەرپرسانی ئیسرائیلی جەختیان کردووەتەوە کە هیوادارن ئێران بەرەو مێزی دانوستان بچێت و رازی بێت بە راگرتنی دەوڵەمەندکردنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی.
هەروەها ئاماژەیان پێداوە کە ئیسرائیل ئامادەیە لە داهاتوودا هێزی ئاسمانی بەکاربهێنێت ئەگەر بینی تاران دوبارە هەوڵدەدات بەرنامەی ناوەکیی بەرهەم بهێنێت.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ ئێوارەی یەکشەممە وتی کە ئیسرائیل "زۆر زۆر نزیکە" لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی، بەبێ ئەوەی "کات" رون بکاتەوە.