سەرۆك وەزیرانی عیراق بە مەبەستی بەشداریكردن لە 81ەمین خولی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و پێشكەشكردنی وتاری فەرمیی وڵاتەكەی، بەرەو نیویۆرك بەڕێكەوت.

عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی خولی 81ەمینی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و پێشكەشكردنی وتاری عیراق لە بەرامبەر نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام، بەغدای بەرەو نیویۆرك بەجێهێشت. 

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكرای كرد، سەرۆك وەزیران لە وتارەكەیدا هەڵوێستی فەرمیی عیراق سەبارەت بە پێشهات و قەیرانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان،بەرنامەی حكومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابووریەكان دەخاتە روو، هەروەها هەنگاوەكانی حكومەت لە بوارەكانی چاكسازیی ئابووری، هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، رەخساندنی زەمینەی وەبەرهێنان و پاراستنی سەروەریی نیشتمانی رادەگەیەنێت. 

لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانیشدا، سەرۆك وەزیران زنجیرەیەك دیداری دووقۆڵی لەگەڵ سەركردەی وڵاتان و سەرۆكی شاندەكان بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و هاوكاریی ئابووری ئەنجام دەدات.