یسرائیل کاتز: شەڕی دژی ئێران هێشتا کۆتایی نەهاتووە و زۆری ماوە
محەمەد رزگار
١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بەپێی هەڵسەنگاندنە نوێیەکانی ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئیسرائیل کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراونەتەوە، چانسی گەیشتن بە هەر رێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا زۆر سنوردارە، هاوکات تەلئەبیب خۆی بۆ ئەگەری سەرلەنوێ هەڵگیرسانەوەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی ئامادە دەکات.
دەستەی پەخشی رەسمی ئیسرائیل رایگەیاند، گومانێکی زۆر لە ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا هەیە سەبارەت بە ئەگەری رێککەوتنی واشنتۆن و تاران، بۆیە ئیسرائیل لە ئێستاوە کار دەکات بۆ بەدەستهێنانی گڵۆپی سەوز لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازی، لە بەرانبەردا، کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشبینییەکان دەریانخستووە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نایەوێت وڵاتەکەی بگلێنێتە ناو شەڕێکی گشتگیر و فراوانەوە لەگەڵ ئێراندا.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە لێدوانێکی تونددا رایگەیاند: "رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران هێشتا زۆری ماوە کۆتایی بێت،" کاتز جەختیشی کردەوە، سوپای ئیسرائیل بە تەواوی ساز و ئامادەیە بۆ وەشاندنی گورزی زۆر بەهێز لە ناو جەرگەی خاکی ئێراندا.
لەلایەکی ترەوە، لێپرسراوێکی باڵای ئیسرائیل بە کەناڵی 14ـی راگەیاندووە، سوپای وڵاتەکەی ئامادەیە بە خێراییەکی پێشبینینەکراو بگەڕێتەوە ناو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ئەگەر شەڕ دەستپێبکاتەوە، ئاشکراشی کردووە کە ئەم قۆناغە رێگەیان پێدەدات ئەو لێدان و ئامانجانە جێبەجێ بکەن کە لە خولی پێشوی شەڕەکەدا ئەنجام نەدرابوون


