وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاشكرایكرد، لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەی بۆ تۆماركردنی چەكە بێمۆڵەتەكان دایانرشتوە، تا ئێستا نزیكەی شەش ملیۆن چەك كۆدكراون.

عەباس بەهادلی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایگەیاند، لە ئێستادا 864 نووسینگە لە هەموو پارێزگاكانی عیراق بۆ تۆماركردنی چەكە بێمۆڵەتەكان كراونەتەوە و ئەپڵیكەیشنێكی تایبەتیشیان لەڕێی مۆبایلەوە راگەیاندووە، تا هاووڵاتیان بتوانن بە ئاسانی چەكەكانیان تێیدا تۆماربكەن و دەشڵێت، فۆڕمی تۆماركردن لە ناو ئەپڵیكەیشنەكەدا بێ بەرامبەرە. 

هەروەها ئاشكرایكردووە، تائێستا 310 هەزار فۆڕم وردبینییان بۆ كراوە و پێنج ملیۆن و 800 هەزار پارچە چەكیش كۆدكراون و لە بانكی نیشتمانیی عیراقی تایبەت بە چەك ئەرشیف كراون.

ئاماژەی بەوەش داوە، پرۆسەی تۆماركردن تا ڕێكەوتی 31ـی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، دوای ئەو بەروارە، هەڵمەتی گەڕان و پشكنین دەستپێدەكات و هەر چەكێك تۆمار نەكرابێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت و خاوەنەكەی ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.