وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئاشکرای دەکات، وڵاتەکەی هەموو کارئاسانییەک دەکات لە نێوان ئێران و ئەمریکا ، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ گەشتە کتوپڕەکەی فەرماندەی سوپای پاکستان بۆ ئەمریکا.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری و ئاسانکاری دیالۆگ لە نێوان تاران و واشنتۆن، ئەمەش لەپێناو خاوکردنەوەی ئەو گرژییە توندەی ناوچەکەی گرتووەتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشکرایکرد، پەیوەندییەکان بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامن.

ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی وەک کاراسانکارێک بۆ ئەم دیالۆگە دەمێنێتەوە، هەرچەندە تا ئێستا کاتی خولی داهاتووی دانوستانەکان دیاری نەکراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، راستەوخۆ دوای کۆتایی هاتنی سەردانە رەسمییەکەی بۆ تاران، بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت.

سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەم گەشتە لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکانی پاکستاندایە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک و چارەسەرکردنی ئەو ململانێیە کە لە نێوان واشنتۆن و تاراندا سەریهەڵداوە.

ئەم نێوەندگیرییەی پاکستان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل، ئەمریکا و بەرەی ئێران لە رەوشێكی یەکجار هەستیاردایە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگری لە فراوانبوونی زیاتری جەنگەکە بەردەوامن.