بانكی ناوەندی عیراق رێنماییەكی نوێی بۆ ئەو كەسانە بڵاوكردووەتەوە كە ناویان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ دەرچووەو دەڵێت، بە نرخی پاڵپشتیكراو دۆلاریان پێ دەفرۆشن.

دەشڵێت، ئەو كەسانەی فەریزەی حەج بەجێدەگەیەنن، بڕی دوو هەزار دۆلاریان بەنرخی بانكی ناوەندی پێدەدرێت، واتە بۆ هەر دۆلارێك هەزار و 320 دینار و لە 13ی ئەم مانگەشەوە بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پێویستە ئەو كەسە خۆی ئامادە بێت بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە دۆلارە و هەموو مامەڵەكانیش لە رێگەی سەكۆی ئەلیكترۆنی FITR تۆمار بكرێن، تەنیا ئەوانەش سودمەند دەبن كە ناویان لە لیستی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراقدا بڵاوكراوەتەوە.