پیت هیگسیس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لەبارەی هێرشی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەلەمێکی ڤەنزوێلی کە "پڕ بوو لە ماددەی هۆشبەر" لە دوێنێدا، رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنها لەم هێرشەدا ناوەستێت و بەردەوام دەبێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە بەم هێرشە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی ئاراستە کردووە و هۆشداری داوە کە "روبەروبوونەوەمان لەگەڵ نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، تەنها بە بۆمببارانەکەی دوێنێ کۆتایی نایەت.. ئەمە کۆتایی نییە، بەڵکو تەنها سەرەتایە.

" هیگسیس ئاماژەی بەوەش کرد کە مادۆرۆ لەبەردەم هەڵبژاردەی گرنگدایە بۆ ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدات، و وتیشی: "ئەم گەشەسەندنە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە دینامیکییەتەکانی دەوروبەری ڤەنزوێلا."

لای خۆیەوە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رەتیکردەوە چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکە ئاشکرا بکات، کە بووە هۆی کوژرانی 11 چەکداری رێکخراوی "ترین دی ئاراگوا" کە وەک تێرۆریست پۆلێن کراوە.

شایەنی باسە، سەرۆکی ئەمریکا لە رۆژی دەستبەکاربوونیدا سوێندی خوارد کە گرووپی "ترین دی ئاراگوا" لەناوبەرێت، کە بە مەترسیدارییەکی زۆر ناسراوە و چالاکییەکانی بریتین لە بێزارکردن، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ماددە هۆشبەرەکان، رفاندن و تاوانەکانی کوشتن. هەروەها، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتێکی بە دەیان ملیۆن دۆلار تەرخان کردووە بۆ ئەو کەسانەی زانیاری دەدەن کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دەستگیرکردنی سەرکردەکانی ئەو گرووپە.

بەپێی خەمڵاندنەکانی ئەمریکا، ئەم گرووپە نزیکەی 5000 چەکدار لەخۆدەگرێت، کە لە ئەمریکای لاتین بڵاوبوونەتەوە و بە رێگەی نایاسایی لە رێگەی ڤەنزوێلاوە گەیشتوونەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ڤەنزوێلاش "ترین دی ئاراگوا" بە بەهێزترین گرووپی چەتە لە وڵاتەکەیدا پۆلێن دەکات، تا رادەیەک کە هەندێک لە پۆلیسەکانی ڤەنزوێلا بۆ ئەمریکا هەڵدێن لە ترسی دەسەڵات و هێزی ئەو گرووپە.