مانگی رابردوو زیاتر لە 27 هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەی شاریان کردووە و هەر لەو مانگەدا 910 نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجامدراوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەرۆژی (1 بۆ 31/8/2025) لەنەخۆشخانەی شار 27 هەزار و 593 نەخۆش سەردانیان كردووەو چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، مانگی رابردوو 5هەزار و 506 نەخۆش لە نەخۆشخانەی شار داخڵ كراون ، لەو ژمارەیەش هەزار 820  نەخۆش لەبەشی فریاكەوتن و 624 نەخۆش لەبەشی نەشتەرگەری و 780 نەخۆش لەبەشی هەناوی و 444 نەخۆش لەبەشی شكاوی و 282 نەخۆش لەبەشی هەناوی مێشك و دەمار داخڵ بوون.

تەندروستی سلێمانی ئاشکراشیکردووە، هەر لەو ماوەیەدا لەنەخۆشخانەکە 910 نەشتەرگەری جۆراوجۆر و 132 نەشتەرگەری قەستەرە و 90 نەشتەرگەری شەبەكە و باڵۆن و 28 نەشتەگەری بۆ منداڵان بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، مانگی رابردوو زیاتر لە 63 شیكاری تاقیگەیی و هەزار 408 هێڵكاری دڵ كراوە ، هەروەها نزیکەی 6 هەزار تیشك و 231 ئیكۆ و 775 چارەسەری سروشتی ئەنجامدراوە لە نەخۆشخانەکە.