روسیا شاری خارکێڤی بەسەختی بۆردوومان کرد
رەوەز
٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەدا، هێزەکانی روسیا شارى خارکێڤ، دووەم گەورەترین شاری ئۆکراینیان بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بۆردوومان کرد، کە سەرۆکی شارەوانیی ئەم شارە دەڵێت لەوەتەی جەنگەکە دەستیپێکردووە بەم توندییە شارەکەی نەکراوەتە ئامانج.
لەم چەند هەفتەیەی دواییدا روسیا و ئۆکراین لەحاڵێکدان کە لە بواری دانوستاندا هەوڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئاشتی دەدەن، لە بەرەکانی جەنگیشدا هێرشە توندەکانیان بۆسەر یەکدی زیاتر کردووە.
ئیگۆر تیریخۆف، سەرۆکی شارەوانیی خارکێڤ لە راگەیاندنەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لەماوەی یەک کاتژمێر و نیوی بۆردوومانەکەدا زیاتر لە 40 تەقینەوە شارەکەی هەژاندووە.
هەروەها ناوچەی کیفسکیی نیشتەجێبوون کراوەتە ئامانج، کە ئەم هێرشانە بووەتەهۆی کوژرانی پێنج هاووڵاتی و برینداربوونی 17 کەسی دیکە.
لە هەڵوێستێکی پێشوودا، ڤیلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە هەفتەی رابردوودا بەڵێنیدابوو وەڵامی هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکراین بداتەوە کە چەندین فڕۆکەی سەربازیی روسیایان کردەئامانج و تێکیانشکاندن.
هەوڵەکانی ئاشتی و شکستی دانوستان
لە دانوستانەکانی ئاشتی کە لە رۆژی دووشەممەی رابردوو لە شاری ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، ئۆکراین داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و بێمەرجی بۆماوەی 30 رۆژ کردبوو و دوایین پێشنیازەکانی خۆی لەمبارەیەوە بە مۆسکۆ دابوو، بەڵام روسیا ئەم داواکارییانەی رەتکردووەتەوە.
لە بەرامبەردا، ئەلێکساندەر ساڤچوک وتەبێژی گروپی هێزەکانی ناوەندیی سوپای روسیا رایگەیاند کە لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 455 سەربازی ئۆکراین لە چەند هێرشێکدا کوشتووە.
هەروەها دەڵێت لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا توانیویانە 82 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی تێکبشکێنن.