توێژینەوەیەك: پیاوانی خێزاندار ئەگەری تووشبوونیان بە قەڵەوی سێ هێندەی پیاوانی سینگڵ زیاترە
١٢ی ئایاری ٢٠٢٥
توێژینەوەكانی 10 ساڵی پێشوو دەریانخستووە كە ئەو پیاوانەی خێزاندارن، لە سینگڵەكان دڵخۆشترن، بەڵام لە ئێستادا توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای دەكات، هاوسەرگیریكردن هۆكارە بۆ قەڵەوبوونی پیاوان.
توێژەرانی پەیمانگای نەتەوەیی پۆڵەندا بۆ لێكۆڵینەوە لە نەخۆشییەكانی دڵ، لە نوێترین توێژینەوەدا ئاشكرایان كردووە كە پیاوانی خێزاندار ئەگەری تووشبوونیان بە قەڵەوی سێ هێندەی پیاوانی سینگڵ زیاترە.
هاوكات توێژەرانی بەشداربوو لە توێژینەوەكە باس لەوە دەكەن كە لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی زیاتر دەبێت، بەجۆرێك زیادبوونی هەر ساڵێك لە تەمەن، ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی لە پیاواندا سەدا 4 و لە ژنانیشدا سەدا 6 زیاددەكات.
بەگوێرەی توێژینەوەكە، تەمەن و بارودۆخی خێزانی، كاریگەرییەكی روونیان لەسەر ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی لە هەردوو رەگەزدا هەیە. لەلایەكی دیكەوە، بوونی هۆشیاریی تەندروستیش، دووبارە كاریگەرییەكی گرنگی لە رێگریكردن لە قەڵەوی و لێكەوتە نەرێنییەكانیدا دەبێت.