وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا چەند رێنماییەکی گرنگی خستووەتەڕو بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵدا.

بەپێی راگەیەندراوەکە، وەزارەتی تەندروستی جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لە سەربڕینخانە رێگەپێدراوەکان و لەژێر چاودێری پزیشکی ڤێتەرنەری بێت.

پێشتریش د. سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند: "زۆر گرنگە هاووڵاتیان پابەند بن بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵەکاندا، چونکە پەیڕەوکردنی ئەم ڕێنماییانە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی وەک تای خوێنبەربوون کە دەتوانێت لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە."

رێنماییە سەرەکییەکان:

1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە ڕێگەپێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەری سەرپەرشتیی دەکات.

2- لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک: دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکار بهێنرێن.

3- نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و هاوکاریی بکەن.

4- بەبێ دەستکێش دەست لە کەلاش مەدەن و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچەپارچە بکەن و پاشان دەست بەباشی بشۆردرێ.

5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.

6- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.

7-پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە.

8 - باشتر وايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵ بۆ ماوەى نيو كاتژمێر لە پلەى (4 - پلەى سەدى هەڵبگيرێت، پاشان بەكار بهێنرێت. بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.

9- ئەگەر ئاژەڵ گەنە يان مێرووى ترى هەبوو باشتر وايە سەر نەبڕدرێت.