تەندروستیی سلێمانی رایەیاند، لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی یاریگای نەورۆزدا 62 کەس بریندار بوون، کە 27 بریندار بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە و یەکێکیان نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە کاتی بەڕێوەچونی یاری نێوان یانەی وەرزشی نەورۆز و یانەی وەرزشی زاخۆ لە یاریگای نەورۆز لە شاری سلێمانی گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان هاندەرانی هەردوولا دروست بوو، 62 کەس بریندار بوون، کە هەر لە یاریگاکەدا چارەسەری خێرا بۆ 25 کەس کرا و 27 برینداریش بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، 10 لە بریندارەکانی دیکە لەلایەن کەسوکارییانەوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و چارەسەریان بۆ کراوە.

تەندروستیی سلێمانی ئەوەشی خستووەتە روو، جگە لە یەک بریندار لە ئێستادا سەرجەم بریندارەکان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، کە ئەو بریندارەی لە نەخۆشخانەیە نەشتەرگەریی بۆ کراوە و دۆخی تەندروستی جێگیرە.