توێژینەوەیەکی یابانی: بۆ تەندروست مانەوە رێگە بدەن بەیانیان تیشکی خۆر لە خەو هەڵتان بسێنێت
هەساو ئەمیر
١٨ی نیسانی ٢٠٢٥
توێژینەوەیەکی یابانی نهێنییەکی زانستیی نوێ لەبارەی زوو هەستان لە خەو و مانەوە بە چالاکی و تەندروستیی ئاشکرا دەکات و ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ مانەوەی جەستەتان بە تەنسروستیی رێگە بدەن تیشکی خۆر لەخەو هەڵتان بستێنێ.
توێژەران لە زانکۆی ئەوساکا مترۆبۆلیتان توێژینەوەیەکیان لەسەر 19 بەشداربوو ئەنجام داوە لەبارەی کاریگەریی بەرکەوتنی رووناکی سروشتی لەسەر کوالێتی خەو و لەخەو هەستان.
توێژەران نموونەی توێژینەوەکەیان کردووە بە سێ بەشەوە، بەشیکیان 20 خولەک بەر لە هەستان لە خەو رووناکی سروشتی "تیشکی خۆر" لێیداون، بەشێکیان زیاتر لە 20 خولەک و بەشێکیشیان هیچ رووناکییەک نەچووەتە ژوورەکانیانەوە.
لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا، ئەو زانا یابانیانە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، ئەو کەسانەی 20 خولەک بەر لە هەستان لە خەو رووناکی سروشتی لە ژوورەکانیانی داوە، خەوێکی باشتریان هەبووە و لەکاتی هەستان لە خەویشدا جەستەیەکی چالاکیان هەبووە، هەروەها هیچ هەستێکی خەواڵوویی و شەکەتی جەستەیان نەبووە.
لە بەرامبەردا گروپی دووەم کە زیاتر لە 20 خولەک رووناکی سروشتی چووەتە ژوورەکانیانەوە، کەمتر چالاک بوون بەراورد بە گروپی یەکەم، ئەمەش هاوشانی ئەوە دەبێتەوە کە زانست دەڵێت، بەرکەوتنی زۆر بە تیشکی خۆر کاریگەریی لاوەکی و زیانی دەبێت.
گروپی سێیەمی توێژینەوەکەش کە لە ژوورێکی تەواو تاریکدا خەوتوون و هیچ رووناکییەکی سروشتی نەچووەتە ژوورەکانیانەوە، ئەگەرچی کاتی تەواویش خەوتبن، بەڵام هێشتا هەستیان بە تێکشکاوی جەستەیان کردووە و خەواڵوو بوون، نەیانتوانیوە بە چالاکییەوە رۆژەکانیان دەست پێ بکەن و بچنە سەر کار.
توێژەرانی توێژینەوەکە ئەوەشیان خستووەتە روو، لە دەرئەنجامی ئەو توێژینەوەیەوە دەیانەوێت بگەن بە داهێنانی سیستمێکی زیرەک، کە بەپێی کات و وەرزەکان کۆنتڕۆڵی چوونە ناوەوەی رووناکی سروشتی و تیشکی خۆر بکات بۆ ژوورەکان.
بۆیە ئەو توێژینەوەیە ئاڕاستەیان دەکات بەوەی، دیزاینێکی زیرەکانە بۆ ژووری نوستن بکەن، کە رووناکی سروشتی و تیشکی خۆر وەک بەشێکی سەرەکی ژوورەکە لەبەرچاوبگیرێت.