سەرۆک بافڵ: لە زووترین کاتدا یەکێتی و پارتی بگەنە رێککەوتن بۆ حکومەتێکی کاریگەر و خزمەتگوزار
١٦ی نیسانی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ ڤیکتۆریا تایلۆر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە و ئاماژەی بەوەکرد، گفتوگۆکانیان ئەرێنین و هیوادارم لە زووترین کاتدا یەکێتی و پارتی بگەنە رێککەوتن بۆ حکومەتێکی کاریگەر و خزمەتگوزار.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەیبوو، دۆخی سیاسیی عیراق، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا تاوتوێکرا.
هەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە کردەوە و سەرۆک بافڵ وتی، یەکێتی بەردەوام رۆڵێکی کاریگەریی بۆ پاراستنی سەقامگیریی گێڕاوە و لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ نزیککردنەوەی تەواوی لایەنەکان و داوامان بۆ گشت لایەک ئەوەبووە لە ئاڵۆزییەکان دووربن.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و وتی، گفتوگۆکانمان ئەرێنین و هیوادارم لە زووترین کاتدا یەکێتی و پارتی بگەنە رێککەوتن بۆ حکومەتێکی کاریگەر و خزمەتگوزار.