سدقی سەلیم خان وەک ئەندامی نوێی دادگای فیدڕاڵی لەبەردەم سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی خوارد
هەساو ئەمیر
٨ی نیسانی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ دادوەر سدقی سەلیم خان وەک ئەندامێکی نوێی دادگای فیدڕاڵیی عیراق، لە بەردەم سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی خوارد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆشکی بەغدا ئەندامی دادگای فیدراڵی دادوەر سدقی سەلیم خان نوعمان لەبەردەم د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و بە ئامادەبوونی دادوەر جاسم محەمەد عەبود ئەلئەمیری سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، سوێندی یاسایی خوارد.
سەرۆک کۆمار لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، پێویستە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەت بەهێز بکرێت، بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان و پاراستنی دەستور.
هەروەها سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی سەربەخۆیی دادوەری و سەروەری یاسا کردەوە، بەشێوەیەک کە بەدیهێنانی دادپەروەری مسۆگەر بکات و مافی هاووڵاتیان بۆ ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند فەراهەم بکات و پێویستی رێزگرتن لە دەستوور و پابەندبوون بە بڕگەکانی وەک رێگایەکە بۆ عێراقێکی ئارام و سەقامگیر.


