بەپێی راگەیاندراوێکی ئاسایشی کینیا، دوو گەنجی هەڵگری رەگەزنامەی بەلجیکی تەمەن 19 ساڵ دەستگیرکراون، دوای ئەوەی هەوڵیان داوە زیاتر لە پێنج هەزار مێرولە بە قاچاخ بگوازنەوە بۆ ئەوروپا.
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، تۆمەتبارەکان مێرولەکانیان لە ناو زیاتر لە دوو هەزار و 200 شوشەی بچوکدا هەڵگرتبو و مەبەستیان بو بیانگوازنەوە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا و ئاسیا.
لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا، هەردوو تۆمەتبارەکە لە بەردەم دادگای نایرۆبی رایانگەیاندووە تەنها بۆ چێژ و خۆشی مێرولەکانیان کۆکردۆتەوە و ئاگاداری ئەوە نەبوون کە گواستنەوەی ئەم زیندەوەرانە لە کینیا قەدەغەیە.
بەرپرسانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندوە ئێستا لەگەڵ جۆرێکی نوێی بازرگانی نایاسایی ڕووبەڕوون کە بازرگانیکردنە بە مێرولە و زیندەوەرە بچکۆلەکان، لە کاتێکدا پێشتر زیاتر بازرگانی بە فیل و گیانلەبەرە گەورەکانەوە دەکرا.
هێزەکانی ئاسایشی کینیا ئاماژەیان بەوەشکردووە لە کەیسێکی هاوشێوەدا، دو گەنجی دیکە لەو وڵاتە بە 400 مێرولەوە دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.
شایەنی باسە کە ئەم دیاردەیە نیگەرانی بەرپرسانی پاراستنی ژینگەی کینیای لێکەوتۆتەوە و داوایان لە هاووڵاتیان و گەشتیاران کردووە پابەندی یاسا و رێنماییەکانی پاراستنی ژینگە و زیندەوەرەکان بن.
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەو وشکە ساڵیە هەمیشەییەی کە لە کینیا بەرەو ڕووی ئاژەڵان دەبێتەوە، بە شێوەیەک زیاتر لە 200 فیل، سەدان کەرەکێوی و گامێش بەهۆی ئەو وشکەساڵییەی کینیای گرتووەتەوە، لە نێوچوون. وشکەساڵییەکە بە جۆرێکە لە 40 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە.