بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل داوایەکی نوێی ئاراستەی بنیامین نەتەنیاهۆ کردووە سەبارەت بە بارودۆخی غەززە و تیایدا پێشنیازی کردووە ئیدارەیەکی سەربازی لە غەززە دابمەزرێنرێت و هەوڵی لەناوبردنی تەواوی حەماس بدرێت.
لە داواکەیدا دەڵێت؛ "جەنابی سەرۆک وەزیران، کاتێک باس لە کۆتایی هێنانی سەرکەوتووانەی شەڕەکە دەکەیت، ئەمە پێویستی بە گۆڕانکاری قووڵ هەیە لە ستراتیژیەتی ئێمەدا"،
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، سمۆتریچ جەختی کردەوەتەوە: "داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە، دامەزراندنی حوکمڕانی سەربازی، لەناوبردنی حەماس و گەرەنتی کردنی ئەوەی کە غەززە چیتر نەبێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمانە هەنگاوی پێویستن".
وەزیری دارایی بەبێ دوودڵی رایگەیاند کە ئەم ستراتیژیەتە "رێگای راستەقینەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و هەروەها گەڕاندنەوەی خێرای دیلەکان".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەیەکی پێشووتردا رایگەیاندبوو کە شەڕی غەززە تەنها کاتێک کۆتایی دێت کە حەماس بە تەواوی لەناوببرێت و هەموو دیلەکان بگەڕێنرێنەوە. ئەو بەتوندی دژی دەستکەوتەکانی حەماس وەستاوەتەوە و وتوویەتی "تەسلیمبوون بە خواستەکانی حەماس هەموو ئەو شتانەی بەدەستمان هێناوە لەناودەبات".
نەتەنیاهۆ لە وتەکانیدا دانی بەوەدا ناوە کە "ئەم شەڕە باجێکی قورسی هەیە، ئەگەر توانا سەربازییەکانی حەماس نەهێڵین، روداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر دووبارە نابنەوە"، نەتەنیاهۆ بەم وشانە هۆشداری دا و وتی "من هەرگیز تەسلیمی بکوژان نابم، چونکە ئەمە ئاسایشی وڵاتەکەمان دەخاتە مەترسییەوە".
لەم نێوەندەدا، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشاری زیاتری خستووەتە سەر هەردوو لا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و ئاگر بەست. نوێنەرانی میسر، قەتەر و ویلایەتە یەکگرتووەکان چەندین گەڕی دانوستاندنیان ئەنجامداوە بەڵام تا ئێستا ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەست نەهێنراوە.
لە لایەکی ترەوە، ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشداریان داوە دەربارەی بارودۆخی مرۆیی لە غەززە کە رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت، و داوای کردنەوەی دەروازەکانی هاتوچۆ و رێگەدان بە گەیاندنی یارمەتییە بەپەلەکان دەکەن.