وەزارەتی دارایی عیراق كێشەی كورتهێنانی دارایی هەیە و بۆ دابینكردنی پارەی موچەی مانگی چوار و مانگەكانی دواتر، پارەی لە سندوقی بارمتەی باج رادەكێشێت.
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە وێنەیەكی دەست كوردسات نیوز كەوتووە، دەركەوتووە بۆ دابینكردنی پارە بۆ دابەشكردنی موچە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر راكێشانی سێ تریلیۆن و 45 ملیار و 7 ملیۆن و 500 هەزار دینار لە سندوقی بارمتەی باجی وەزارەتی دارایی.
وەزارەتی دارایی عیراق بەهۆی كەمی نەختینەوە پەنای بۆ ئەو سندوقە بردووە، كە پارەی باجی تێدایە و پێنج ساڵی بەسەردا تێپەڕ نەبووە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لە ماوەی رابردوودا لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەیان بۆ بوونی كێشەی نەختینە كردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی ئەو هەواڵانەی رەتدەكردەوە.
وەزارەتی دارایی عیراق بیانوی ئەوەی هێناوەتەوە، كە لە یەدەگی فیدراڵی ئەمریكاوە پارەی فرۆشی نەوتی بۆ حەواڵە نەكراوە و هەركات پارە بگات بە دەستی، پارەی راكێشراوی ئەو سندوقە دەگەڕێنێتەوە.