وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەبارەی هاوکاریی بەریتانییەکان بۆ ئۆکراین نیگەران و دەڵێت: بەریتانییەکان بەنیازن کیێڤ نوقمی چەک بکەن و بەوەش دەیانەوێت زۆرترین زیان بە وڵاتەکەمان بگەیەنن.

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، هەفتەی رابردوو، حکومەتی بەریتانیا پلانی خۆی راگەیاند بۆ پێدانی زیاتر لە هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری دوورمەودا بە ئۆکراین، کە توانای پێکانی ئامانجەکانیان  لە دووریی زیاتر لە هەزار کیلۆمەترەوە هەیە، لەگەڵ پاکێجێکی نوێی هاوکاریی سەربازی بە بەهای 260 ملیۆن پاوەندی ئیستەرلینی کە لەلایەن ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە راگەیەندرا.

ئەو دیپلۆماتکارە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئینگلیزەکان تیشکیان خستووەتە سەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرە قورسە دوورمەوداکان، بۆ ئەوەی دژی ئەوە بەکاربهێنرێن کە بە وتەی خۆیان پێی دەوترێت "ئامانجە سەربازییە رەواکان" لە ناو خاکی روسیادا.

زاخارۆڤا درێژەی بە قسەکانیدا و وتی: پلانەکانی بەریتانییەکان روونن، ئەویش نوقمکردنی کیێڤە لە چەکدا، بەو هیوایەی بەم شێوەیە بتوانن زۆرترین زیان بە وڵاتەکەمان بگەیەنن، یان وەک لەوێ بانگەشەی بۆ دەکەن، شکستی ستراتیژیی پێ بهێنن. تینوێتیی ئینگلیزەکان بۆ خوێن لەمێژە لای ئێمە ناسراوە، و بەداخەوە، زۆر بەباشی ناسراوە.