نوێترین پەیامی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی نەوت و هێرشەکانی ئێرانەوە
ساکۆ سمکۆ
٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروث سۆشیال" رایگەیاند، ئەو دوو پێشبینییەی پێشتر بۆ هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خول لە 3ـی 11 کردبوونی، هاتوونەتە دی و جەختیشی کردەوە کە سەرجەم مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران خراونەتە خوارەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران کە بە وتەی خۆی، تا ئەمڕۆ "81 هەزار خۆپیشاندەری کوشتووە"، لە هێرشەکانیدا توندتر و شەڕانگێزتر دەبێت، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەمەش هاتەدی.
ترەمپ باسی لەوەش کردووە، ئێران لە ماوەی هەفتەی رابردوودا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی هەڵداوە، بەڵام دڵنیایی دەدات و دەڵێت: نیگەران مەبن، هەموویان خراونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکیان نەبووە.
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا دیموکراتەکان و ئێرانیشی تۆمەتبار کردووە بەوەی پێکەوە و بە هەموو توانایانەوە هەوڵیانداوە نرخی نەوت تا بکرێت بە بەرزی بهێڵنەوە، ئاماژەی بەوەش داوە کە لەدوای هەڵبژاردنەکەوە، نرخی نەوت بە ئاستێکی پێوانەیی دابەزیوە.



