حەوت پزیشکی کورد لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی پلەی یەکەمیان بەدەست هێنا و لەلایەن کۆمکاری عەرەبییەوە خەڵات دەکرێن.

بڕیارە ئەمڕۆ، لە باڵەخانەی سەرەکیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، ئاهەنگی دەرچوون و ڕێزلێنان بۆ دەرچووە یەکەمەکانی خولی ساڵی 2025ی ئەنجومەنی عەرەبی بۆ پسپۆڕییە تەندروستییەکان بەڕێوە بچێت.

بەپێی نووسراوێکی رەسمی ئەنجومەنی عەرەبی، لە کۆی گشتیی دەرچووانی سەرجەم پسپۆڕییە پزیشکییەکان لەو وڵاتانەی بەشداریی کۆمکارەکە دەکەن، تەنها 52 پزیشکی پسپۆڕ هەڵبژێردراون بۆ بەشداریکردن لەو ئاهەنگەدا، ئەوەش دوای ئەوەی لە کۆتایی خوێندن و راهێنانی پزیشکیی پێنج ساڵەی خۆیاندا توانیویانە پلەی یەکەم بەدەست بهێنن.

جێگەی شانازییە کە لەو رێوڕەسمە تایبەتەدا، حەوت پزیشکی کورد بەشداری تێدا دەکەن، دوای ئەوەی لە پسپۆڕییە جیاوازەکانی خۆیاندا لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی توانیویانە پلەی یەکەم بەدەست بهێنن و سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکەن.

د. زاریا شێروان مەحمود/ پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتان و مناڵبوون

د.هێرش قادر حەمەدئەمین/ پزیشکی پسپۆڕی هەناو

د.هێلین بورهان دەروێش/ پزیشکی پسپۆڕی پێست

د.هەورین عوسمان نوری/ پزیشکی پسپۆڕی بێ هۆشکاری

د.عومەر لوقمان سیامەند/ پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیە دەرونییەکان

د.عەلی ئیبراهیم حەسەن/ پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری میزەڕۆ

د.بەیار عەبدوڵا ئەحمەد/ پزیشکی پسپۆڕی وردی نەشتەرگەری میزەڕۆی مناڵان