زێلینسکی و لێپرسراوانی کیێڤ ناکۆکی کەوتووەتە نێوانیان
ساکۆ سمکۆ
٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئۆکراین، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی بە کەمتەرخەمیی لە ئامادەکاریکردن بۆ وەرزی زستان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: شاری کیێڤ لەسەر ئاستی تەواوی وڵاتەکە، رووبەڕووی خراپترین قەیرانی پچڕانی ئاو و کارەبا بووەتەوە.
لە کۆبوونەوەیەکدا سەبارەت بە رەوشی وزە، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند: خراپترین رەوش لە کیێڤە، دانیشتووان و کۆمپانیاکان بەدەست پچڕانی درێژخایەنی کارەبا و ئاوەوە دەناڵێنن و ئاستەنگییەکان زۆر مەترسیدارن.
زێلینسکی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم رەوشە بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەو رێکارانەی کە پێویستبوو بۆ وەرزی سەرما لە کیێڤ بیگرێنەبەر، هاتووەتە ئاراوە.
وتیشی: هێرشە سەربازییەکانی روسیاش بۆسەر کەرتی وزەی وڵاتەکەمان هۆکارێکی دیکەی قەیرانەکەن.
ئەم تۆمەتانەی زێلێنسکی لە کاتێکدایە کە ماوەیەکی زۆرە ناکۆکی لە نێوان سەرۆکایەتیی ئۆکراین و ڤیتالی کلیتچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤدا هەیە و پێشتریش کلیتچکۆ رەخنەی لە گەندەڵیی دەوروبەری زێلێنسکی گرتبوو و لە بەرانبەریشدا زێلینسکی سەرۆکی شارەوانیی پایتەختی وڵاتەکەی بە بەرپرسیاری سەرەکیی کێشەکانی وزە دەزانێت، لەبەرئەوە سەرۆک وەزیرانی راسپاردووە بۆ پێکهێنانی تیمێک بە مەبەستی بەهێزکردنی ژێرخانی شارەکە.



