دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند،  پێشوەختە دەیزانی جەنگی دژی ئێران کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبێت، هەروەها چاوەڕوانی دەکرد نرخی نەوت و بەنزین بۆ مەودایەکی کورت زۆر زیاتر بەرز بێتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەکەی کارێکی نایابی کردووە و تەنگەی هورمز بە کراوەیی ماوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی دەیزانی جەنگ کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکان دەبێت، بەڵام پەشیمان نییە لەو بڕیارە.

دۆناڵد ترەمپ جەختیکردوەتەوە، ئەگەر جارێکیتر دەرفەتی ئەوەی پێ ببرێتەوە، کە بڕیار لەسەر ئێران بداتەوە، هەمان بڕیار دەداتەوە،  چونکە بە وتەی ئەو رێگەدان بە ئێران بۆ دەستگەیشتن بە چەکی نەوەیی بە هیچ جۆرێک قبوڵکراو نییە و هیچ رێگەچارەیەکی دیکەیان لەبەرپێدا نەبووە.

سەبارەت بە پێشهاتە سیاسییە ناوخۆییەکان و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول، ترەمپ دەڵێت؛ "ئەگەر ناوی من لەسەر کارتەکانی دەنگدان بووایە، هەڵبژاردنەکه‌مان دەبردەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد،  دیموکراتەکان پەیوەندییان پێوە کردووە و دەیانەوێت دەربارەی هەندێک بابەت گفتوگۆ بکەن، ئەمەش بە هەنگاوێکی باش دەزانێت و ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵیاندا هەیە ئەگەر نەیانەوێت تێکدەر بن، چونکە ئەوان بەرگریی لە تاوانباران دەکەن.