ئەمریکا فرۆشتنی موشەکی پاتریۆتی بە بڕی 2.1 ملیار دۆلار بە ئۆکراین پەسەند کرد
محەمەد رزگار
٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی رەزامەندیی داوە لەسەر فرۆشتنی 500 موشەکی جۆری "پاتریۆت پاک-3" بە ئۆکراین، بە بڕی 2.1 ملیار دۆلار.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئۆکراین تێچووی ئەو موشەکانە لە رێگەی هاوکارییەکانی کەنەدا، ئەڵمانیا، نەرویژ و قەرزەکانی یەکێتیی ئەوروپاوە دابین دەکات، هەروەها کۆمپانیای "لۆکهید مارتن" بەڵێندەری سەرەکیی جێبەجێکردنی گرێبەستەکەیە.
ئەم بڕیارەی واشنتۆن لە کاتێکدایە، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین ئاماژەی بەوە کردبوو نزیکەی مانگێکە چاوەڕێی رەزامەندیی ئەمریکان بۆ گەیاندنی ئەو موشەکە گرنگانە، بە تایبەت لە کاتێکدا روسیا هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی و وێستگەکانی وزە و کارەبا چڕتر کردووەتەوە.



