روسیا رەزامەندی لەسەر گفتوگۆی سیقۆڵی لەگەڵ ئۆکراین و ئەمریکا دەربڕی
محەمەد رزگار
٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا 'کرملن' بڵاویکردەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا رەزامەندی لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی سێقۆڵی لەگەڵ ئۆکراین و ئەمریکا دەربڕیوە لە مانگی داهاتوودا.
لەلای خۆیەوە، یوری ئوشاکۆڤ، راوێژکاری سەرۆکی روسیا بۆ کاروباری دەرەوە، دوای کۆبوونەوەی نێوان پوتن و ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، سەرکردەی ڕووسیا 'لە بنەڕەتدا' رەزامەند بووە لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ سێقۆڵییەکان لە دوای 10ـی مانگی داهاتووە.
جێگەی ئاماژەیە، ئەمڕۆ ستیڤ ویتکۆف لە شاری سانت پیتەرزبۆرگ لەگەڵ ڤلاديمێر پوتن کۆبۆوە بۆ تاوتوێکردنی جەنگی ئۆکراین، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ هانی کیێڤ دەدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.
لە لێدوانێکدا لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ویتکۆف هیوای خواست تاوتوێی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ سێقۆڵییەکانی نێوان ئەمریکا، روسیا و ئۆکراین بکەن، تا ئەو سێ وڵاتە بتوانن تاوتوێی هەنگاوەکانی داهاتوو بەرەو رێککەوتنی ئاشتی بکەن، لای خۆشیەوە، پوتن سوپاسی ترەمپ و ویتکۆفی کرد بۆ هەوڵەکانیان لە پێناو کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
بەپێی زانیارییەکانی کرملن، کۆبوونەوەکە نزیکەی سێ سەعاتی خایاندووە، ئەم سەردانەی ویتکۆف بۆ روسیا تەنها رۆژێک دوای کۆبوونەوەی هات لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین و چەند سەرکردەیەکی ئەورووپی.



