حکومەتی ژاپۆن سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکی نوێیە بۆ ئەوەی تا ساڵی 2030 ژمارەی هەڵدانی کەشتییە ئاسمانییەکانی بۆ 30 موشەک لە ساڵێکدا بەرز بکاتەوە و ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی کەرتی ئابوری و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی زیاتر لە کایەی بۆشایی ئاسماندا.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی 'نیکای'ـی ژاپۆنی، وەزارەتی ئابوری، بازرگانی و پیشەسازی بۆ ساڵی دارایی داهاتوو داوای 76 ملیار یەن (نزیکەی 480 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) کردووە، بە مەبەستی دروستکردنی سەکۆی هەڵدانی کەشتیی ئاسمانیی نوێ لە بنکەکانی 'ئۆچینۆرا' و 'تانێگاشیما'ـی سەر بە ئاژانسی (JAXA)، تا بتوانرێت بە لە یەک کاتدا ئامادەکاری بۆ هەڵدانی چەندین کەشتی بکرێت.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، تۆکیۆ چاوی لەوەیە لە داهاتوودا کەشتیی ئاسمانی بۆ وڵاتانی دیکەش هەڵبدات.

هاوکات، لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2024 لە کۆی 130 مانگی دەستکرد تەنیا 65 دانەیانی لە ناوخۆی وڵاتەوە هەڵداوە و ئەوانی دیکەی لەڕێگەی هاوبەشەکانیەوە (بە تایبەت ئەمریکا) ناردووەتە خولگەی زەوی؛ ئەوەش لە کاتێکدایە روسیا 100% و چین 99%ـی مانگە دەستکردەکانیان لەڕێگەی بنکەکانی خۆیانەوە هەڵدەدەن.