زیلینسکی: هێرشەکانمان بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی روسیا دەستپێدەکەینەوە
محەمەد رزگار
١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت؛ وڵاتەکەی هێرشەکانی بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی روسیا دەستپێدەکاتەوە، مۆسکۆش جەخت لەوەدەکاتەوە کە بەندەرێکی ئوکراین و دوو کەشتیی بارهەڵگری لە دەریای رەش بۆردومان کردووە.
رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئوکراین لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی هێرشەکانی بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی روسیا دەستپێدەکاتەوە، و جەختیشی کردەوە کە ئاگربەستی هێرشکردن سەر پاڵاوگەکان کۆتایی هاتووە.
لە بەرانبەردا، وەزارەتی بەرگریی روسیا ئاشکرایکرد، هێزەکانیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەندەری «ئێزمایل»یان لە ناوچەی ئۆدیسای ئوکراین لە دەریای ڕەش بۆردومان کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دوو کەشتیی بارهەڵگریان لە رێگادا بۆ ئۆدیسا کردووەتە ئامانج، کە بە وتەی مۆسکۆ بۆ مەبەستی سەربازی بەکارهاتوون و کەرەستەی لۆجستیکیان گواستووەتەوە.



