ئیدارەی ئەمریکا تاوتوێی بەکارهێنانی 'دایکی بۆمبەکان' دەکات دژی ئێران، و لە بەرانبەردا سەرۆکی ئەمریکا دڵنیاییدەدات کە شەڕی ئێران بە زووی یەکلا دەبێتەوە.

تۆڕی هەواڵی 'سی ئێن ئێن'ی ئەمریکی لەسەر زاری چەند لێپرسراوێکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی ئەمریکا تاوتوێی ئەگەری بەکارهێنانی بۆمبی ناوبراو بە 'دایکی بۆمبەکان' یاخود بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی دەکات دژی ئێران.

سی ئێن ئێن ئاشکرایکردووە، سوپای ئەمریکا بەردەوامە لە خستنەڕووی بژاردە سەربازییەکان بۆ دۆناڵد ترەمپ، پلانی راهێنراو دارێژراوە بۆ ئاڕاستەکردنی لێدانی سەربازی کە رەنگە بەکارهێنانی بۆمبی جۆری 'GBU-43/B' بگرێتەوە، کە بە گەورەترین بۆمبی تاکتیکی لە کۆگاکانی ئەمریکادا هەژمار دەکرێت.

زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە ئەم بژاردەیە بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە و پێگە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادەکراوە، ئەگەر بێت و سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی دەستپێکردنەوەی کردە جەنگییەکان بدات.

ژمارەیەک لە لێپرسراوانی وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا 'پنتاگۆن' رایانگەیاندووە، واشنتۆن خۆی بۆ تەواوی سیناریۆکان دژی ئێران ئامادە دەکات و سوپای وڵاتەکەش لە ئامادەباشیدایە بۆ وەڵامدانەوەی هەر پەرچەکردارێکی ئەگەری لەلایەن تارانەوە، هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە کە هەندێک ئامانجی ئاڵۆز لە ناوخۆی ئێران پێویستیان بە بەکارهێنانی ئەم جۆرە بۆمبە قورسە دەبێت.

چاودێران و لێپرسراوانی سەربازی هۆشداری دەدەن لەوەی بەکارهێنانی 'دایکی بۆمبەکان' دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوون و پەرەسەندنێکی مەترسیداری ململانێکان لە ناوچەکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا، لە ناوخۆی ناوەندەکانی بڕیاردانی سەربازیی ئەمریکادا هێشتا پرسیار و گومان لەسەر ئاستی سودبەخشیی و توانای ئەم بۆمبە لە بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییە درێژخایەنەکانی واشنتۆن بەردەوامە.

هاوكات دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا دڵنیاییدا كە كێشەی ئێران بە زوویی یەكلا دەبێتەوە و شەڕەكەش كۆتایی پێدێت، جەختی كردەوە، رەوشی سەربازیی ئێران بە تەواوی داڕماوە و وتی ئێران ئیتر سەركردە، هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی نەمابووە.