13 منداڵ لە نوقمبوونی بەلەمێکدا لە هیندستان گیانیان لەدەستدا
سەوسەن سەید
١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
تیمەکانی رزگارکردن لە هیندستان تەرمی 13 منداڵیان لە رووباری گەنگ دەرهێنا، دوای ئەوەی بەلەمێک کە دەیگواستنەوە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵێک لە قەزای ڤایشالی سەر بە هەرێمی بیهار وەرگەڕا.
روداوەکە شەوی سێشەممە روویدا، لە کاتێکدا تا ئێستاش ژمارەی وردی ئەو کەسانەی لەسەر بەلەمەکە بوون نەزانراوە.
ڤارشا سینگ، بەرپرسی بەڕێوەبردنی قەزای ڤایشالی، بە ئاژانسی هەواڵی "پریس ترەست ئۆف ئیندیا"ی راگەیاند کە بەلەمەکە نزیکەی 15 بۆ 20 کەسی هەڵگرتبوو کاتی وەرگەڕانی.
روونیشیکردەوە کە سەرجەم قوربانییەکان تەمەنیان 15 ساڵ یان خوارتر بووە. هۆکاری وەرگەڕانی بەلەمەکە هێشتا بە روونی نەزانراوە، لە کاتێکدا پڕۆسەی رزگارکردن و گەڕان بەردەوامە.
نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان، رایگەیاند: گیان لەدەستدان لە روداوی وەرگەڕانی بەلەمەکە لە ڤایشالی لە هەرێمی بیهار زۆر بەئازارە.
ناوبراو جەختیکردەوە: قەرەبووی خێزانی قوربانییان دەکەینەوە، لە کاتێکدا تیمەکانی رزگارکردن بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی سەرجەم سەرنشینانی بەلەمەکە.



