ترەمپ رەزامەندیی روسیا و ئۆکراین بۆ "ئاگربەستی وزە" رادەگەیەنێت و زیلینسکی توشی سەرسوڕمان دەبێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمڕۆ رایگەیاند، روسیا و ئۆکراین رێککەوتوون لەسەر راگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر کەرتی وزەی یەکتر، ئەمەش رۆژێک دوای رەخنەکانی لە هێرشەکانی کیێڤ بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی مۆسکۆ دێت.

ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال بڵاویکردەوە: "ئۆکراین رازی بوو هێرش نەکاتە سەر ئامانجە نەوتییەکانی روسیا، روسیاش ڕازی بوو هەمان کار بکات!"، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتە ڕوو.

لە بەرانبەردا، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین ئاماژەی بەوەکرد، ئاگاداری راگەیەنراوەکەی ترەمپ نەبووە، بەڵام ئامادەیە قبوڵی بکات ئەگەر روسیاییش ڕازی بێت، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە سەرچاوەی خۆیەوە رایگەیاند، کیێڤ چاوەڕێی دەستنیشانکردنی کاتی دەستپێکردنی ئاگربەستەکەیە لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدا دێن کە پێشتر لە هەمان رۆژدا زیلینسکی بە مەرجی وەستاندنی هێرشەکانی مۆسکۆ بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی، ئامادەیی کیێڤی دەربڕیبوو بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی روسیا، و جەختی کردبووەوە کە هەر هەنگاوێک دەبێت لەسەر بنەمای مامەڵەی دوولایەنە و بە گەرەنتی راستەقینەوە بێت.